سێگۆشەی ترامپ، ئێران و کورد

ئاماژە

١- جیهان بە ٦٠ میلیۆن ئاوارە و زیاتر لە ٢٠٠ شەڕی ناوخۆیی-دەرەکیی لە ئاڵۆزترین باروودۆخی خۆیدایە. شەڕی سارد بەرەو داخ بوون دەڕوات, پێکهاتەی سیاسیی ئەمریکا و ئۆرووپا لە گۆڕاندایەو هەڵوێستی دەوڵەتانی داهاتوو وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا بەرامبەر بە ڕووداوە جیهانی-ناوچەیی-ناوخۆیییەکان جیاواز دەبێت.
٢- ئەمریکا مەودایەکی لەگەڵ ڕێکابەرەکانی نەماوە، متمانەی هاوپەیمانانی ستراتیژیکی لە دەست داوە، ڕۆژهەڵاتی ناڤینی لە دەست چووە، لە ئەفغانستان چەقاوە و لە عەراق و سوریا و یەمەن و لوبنان چیتر بڕیاردەر نییە. ئێران وەکوو سەرچاوەیەکی گەورەی وزە، بووەتە بەربەستێکی ناوچەیی لەهەمبەرر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی. ئیسرائیل لە پەراوێزدایە، تورکیا وەرگەڕاوە و وڵاتانی عەرەب  دڵگرانن.

ئەمریکای ترامپ
١- “دۆناڵد ترامپ” بە بێ پاڵپشتی تەواوی حیزبەکەی و بەئامانجی “گەڕانەوەی سەروەری بۆ ئەمریکا” (بڕوا بە لەدەستچوونی هێزی جارانە، بەواتای هەڵوێست و هەڵسووکەوتی جیاوازە، پێویستی بە سەرچاوە و وزە و داهاتی نوێیە) بوو بە نوێنەری کۆماریخوازان لە کۆشکی سپیی و فیلەکان دەستیان بەسەر هەر سێ لایەنی دەسەڵاتدا گرت. (ستراتیژ لە بەربەرەکانەو دژایەتییەوە بەرەو ڕووبەرووبوونەوە و بەرنگاری دەچێت)
٢- ئەو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی لەگەڵە بەڵام زۆرینەی ڕای گشتیی و دەنگدەران لە بەرەی بەرامبەریدا دەبینێتەوە. بەدیهێنانی کەفی دروشمەکانی بۆ چاکسازی و گۆڕان لە ناوخۆدا و چارەسەرکردنی دابڕانی کۆمەڵایەتی-سیاسی وزەو کاتێکی زۆر لە دەوڵەتەکەی دەگرێت. بەڵام لە سیاسەتی دەرەکیی دەستی ئاواڵەترەو کاراکتێری ترامپ لەم بوارەدا زۆرترین ڕۆڵی دەبێت. پێکهێنانی دەوڵەتێکی پراگماتیست و توندڕەو هێژمۆنی خواز بە دیسکۆرسێکی ئانتی چەپ – ئیسلامی – ئێرانییەوە ئەم گریمانەیە بەهێزتر دەکات. لە ڕوانگەی سیاسەتی دەرەکی دەوڵەتی نوێدا، بەرەنگاری لەگەڵ ئیسلامیزم و فاشیزمی ئێرانی وەکوو سەرچاوەی زۆرینەی کێشەو نائەمنییەکان زەروورەتێکی سەرەکییە. (قەیرانی دەرەکی مەجالێکە بۆ شیفتی دژایەتی و پێکهاتنی یەکییەتی)
٣- “ترامپ” لە کایەی بێبەش یان دۆراو بەشداری ناکات، هیچ بە هەرزان نادات و هیچیشی بە گران ناوێت. لە دەلاقەی سوودەوە دەڕوانێتە یار و نەیار و مامڵە لەگەڵ دەوڵەتانی بەرپرسیار یان ئاڵترناتیڤانی کاریگەر و خاوەن بڕیاری بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان پێ بنەمایەکە. (سەردەمی ئەو، سەردەمی پێداچوونەوەیە بەسەر گرێبەست و ڕێککەوتنە نووسراو و نەنووسراوەکان لە پێناو بەرژەوەندی زیاتردا)
– هەڵوێستەکانی گوشارێکە بۆ بەشداربوونی زۆرتری هاوپەیمانان و گورزێکە بۆ سەندنی باجی زیاتر لە هاوگەمەکانی. هەروەها هاوڕێیەتی و هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ڕووسیا (بەمانای دابەشکردنی هێژمۆنی و دەسەڵاتی جیهانییەو لەگەڵ ناوەڕۆکی دروشمەکەی نایەتەوە) هەڵبژاردنی شەریکێکی کاتییە لە ئەگەری هەبوونی چەند شەریکەبەشدا. شیوازێکە لە ڕەچاوکردنی ڕێکاری نوێ لەهەمبەر بلۆکی چەپ بە مەبەستی خستنەپراوێزی چین وەکوو ڕێکابەرێکی جێددی ئابووری و هەروەها بەخشینی کریمەی گیراو و سووریای سووتاو بە ڕووسیا لە پێناو بێدەنگیی ئەو وڵاتە لەهەمبەر چێشتێکی چەورتردا!

ئێرانی ئێستا
١- هەر لە سەردەمی شەڕ و داگیرکاری و چەوسێنەری پاشاکانەوە هەتا ڕووخانی یەک لە دوای یەکی دەوڵەتەکان بەبۆنەی کوودتا، هێرشی دەرەکی یان شۆڕش و ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی خەڵکەوە، “ئێران” قەت ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەدیوە. ئێستا “کۆماری ئیسلامی ئێران” بە دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر و قاعیدەیەکی پاوانخواز و کاولکارەوە بووەتە کۆکراوەیەک لە کۆی ئەم مێژووە تاوانبارە. (بزاڤێکە لە تێرۆر و سەرکوت و داگیرکاریی/ هێمایەکە لە بەربەرەکانە و دەستێوەردان و دژایەتی/ تەڤگەرێکە لە ناڕەزایی و جووڵانەوە و خۆپیشاندان)
٢- کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵاتێک لە نێوان چەند بەرەدا و بەرەگەلێک کە هەرکامەو لە نێوخۆیاندا دابەشکراون، سنوورێکی ڕەواییە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا. کەلاوەیەکی تەواوڕەهەندییە بە بنەڕەتگەلێکی لێکدابڕاوەوە لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی مووزائیکی و کۆمەڵگایەکی ڕووخاودا. (بە دوو ئاڵای ئێرانی و چەند نائێرانی، زمانێکی فەرمی و چەندین نافەرمی، نەتەوە و کەلتوورێکی سەردەست و چەند لە بندەست و … لە گراداڤی مرۆڤایەتی و شوناس و ڕاستیدا پەنگ دەخوات)
٣- دەسەڵات دەستی بەسەر هەموو شاڕێیەکی ئازادی و ئابووریدا گرتووە و ژیانی ژێر سێبەری، ئاوێتەیەکە لە نا عەداڵەتی، هەژاری، گەندەڵی، بێکاری، گرانی و بێ هیوایی. ناکارامەیی و فەشەلی دوەڵەت لە هەمبەر ژیان و بژێوی خەڵک جارێکیتر ڕیفۆرمخوازانی لاداوە. هیوایەک بە چاکسازی و گۆڕان نەماوە و بەمردنی ڕەفسەنجانی پێگەی حکوومی-کۆمەڵایەتی ڕێفۆرمخوازان ئەوەندەی دیکە لاواز بووە. (بەهێزتربوونی بنازۆخوازان و بەشداربوون لە گەمەیەکی ئاڵۆزدا زەریبی خەتای ڕژیم دەباتە سەرەوە)
٤- دوکتورینی کۆماری ئیسلامی لەسەر دژایەتی بنیاد نراوە و دژمەنایەتی ئەمریکا بووەتە بەشێک لە پێناسە و شوناس و کەلتووری ئەو وڵاتە. ئیرانی چڕاوپڕ لە ناو قەیرانی ئابووریی، لە چەندین شەڕدا بەشدارە و هەموو سەرمایە و توانای لە پێناو عەراقێکی هەڵوەشاو و سوورییەکی لاواز و لێکدابڕاو داناوە. بە بەراوەرد لەگەڵ ئاستی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قین و نەفرەتی ناوچەیی لەو وڵاتە، دەستکەوتەکانی ڕەنگ و بۆنێکی ئەوتۆی نەبووە.

کورد و ناوچەکە
١- زۆربەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارگێڕ و پاڵپشتەکانی هەمان دیاردەن کە جیهان بە تێرۆریزمی دەناسێت. ئێران و تورکیا لەم نێوانەدا یاری دەکەن و عەراق و سووریا بوونەتە بەشەگۆشتێک بۆ هێز و زلهێزەکان. (نا ئێران و نا تورکیا بە کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی توانای گەمەی درێژماوەیان لەم نێوانەدا نییە)
٢- کورد تەنیا ئاڵترناتیڤە بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی و سەقامگیری لە ناوچەکە. هیزێکی سیاسی-سەربازی ڕاستەقینە و کاریگەرە کە ئێستا هاوپەیمانییەتی هەردوو بەرەی جیهانی دەکات (لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا بە ئاشکرا بەشێک بوو لە بەرنامەی داهاتووی ئەو وڵاتە و لە هەندێک شوێنیش هاوبەرژەوەند و هاوبەرەیەکی ستراتیژیکە بۆ ڕووسیا). کاتی ئەوە هاتووە خۆی لە هەڵەی ناوخۆیی و گەمەی ناوچەیی دەربکات و لە شەمایەلی یاریکەرێکدا، جیهانی بیر کاتەوە و جیهانی ڕۆڵ بگێڕێت.

دواپەردە
١- ئەگەر تا دوێنە ئەمریکا بە دوای دارمانی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامییەوە بوو لە ئێستاوە ستراتیژیی هەم داڕمانە هەم ڕووخان. ( کورتکردنەوەی دەستی ناوچەیی، کەمکردنەوەی پاڵپشتی نێونەتەوەیی، گەمارۆ و گوشاری زیاتر، پاڵپشتی و پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆن و دژبەران، پڕچەک کردنی دراوسێکان و هەروەها شەڕی ڕاستەوخۆ لەو بژاردانەیە کە ترامپ هەیەتی )
٢- کوردی ڕۆژهەڵات بەشێکی بەرچاو و جیگە متمانەیەیە لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و کارامەیی و زیندووبوونی بزووتنەوەکەی حاشاهەڵنەگرە. هەروەها خاوەن ڕێکخراوە و ڕێکخستنێکی سیاسی-نیزامی ڕەسەنە کە ئەزموونێکی دوور و درێژی لە خەبات و تێکۆشان هەیە.
***1154_634966775018382265_s
لە ژێر پەلوپۆی ئێران و ڕۆژهەڵات ئێنرژییەکی زۆر نووستەوە کە پێویستی بە یەکخستن و رێکخستنە. ماوەیەکە ئوپۆزیسیۆنی پەرتەوازەی فارس کەوتووتە جموجۆڵ و لەڕووی هەست بە مەترسی یان نیازەوە ڕووی لە کورد کردووە. ڕووخان و گۆڕانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستا و تێگەیشتنی بەرامبەر لەگەڵ دواڕۆژی ئەو وڵاتە تەنیا بە هاوکاری و پاڵپشتی ناڕازییانی دیکەی ئێران دێتە ئاراوە. بەمەرجی ڕێکخستنی ناو ماڵ و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان شوناس و هاوکاریدا کورد دەتوانێت پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیە بکات و ببێتە هەوێنێک بۆ یەکگرتوویی لەنێوان دژبەراندا(بەشداری چالاکانەی کەمینەکانی دیکەش بکات بە گەرەنتییەک بۆ گەیشتن بە بەڵێن و مافەکانی)
لە ئەگەری هەڵبژاردنی ستراتیژێکی کوردستانیشدا، گرینگ بوونی هاوئاهەنگی و هاوکاری ناوخۆیی-پارچەیی ئەوەندەی دیکە زەق دەبێتەوە.
کاتژمێر و ڕووداوەکان لەسەرمان ناوەستن، تاکوو درەنگ نەبووە ئاوڕێک لە خەبات و تێکوشانمان بدەینەوە.

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: